.

وەزارەتی تەندروستی هۆشداری لە بڵاوبوونەوەی ئەم نەخۆشیە دەدات



كۆلێرا نەخۆشییەكی درمەو لەكاتی تووشبوونی چەند كەسێكی ناو كۆمەڵگە، زۆر بەخێرایی دەگوازرێتەوە بۆ كەسانی دیكە، بۆ خۆپاراستن لەم نەخۆشییە وەزارەتی تەندروستی هۆشداری دەدات.
د. خاڵس قادر، وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی هەرێم، رایگەیاند: تائێستا هیچ حاڵەتێكی نەخۆشی كۆلێرا لەهەرێمی كوردستان و تەنانەت لەناو ئاوارەكانی نیشتەجێی كەمپەكانیش تۆمارنەكراوە، بەڵام هەموو جۆرە ئامادەكارییەكی پێویست كراوە لەئەنجامدانی پشكنین و چاودێری ئاو و ئامادەكردنی دەرمان و پێویستییە پزیشكییەكان.
نەخۆش كۆلێرا چییە؟
كۆلێرا، نەخۆشییەكە بەهۆی بەكتریای ڤایبریۆ كۆلێرا (Vibrio cholera) تووشی مرۆڤ دەبێت، زۆربەی كات لەڕێگەی پیسبوونی ئاوی خواردنەوەوە بڵاودەبێتەوە، نەخۆشیی كۆلێرا نەخۆشییەكی درمەو لەكاتی تووشبوونی چەند كەسێكی ناو كۆمەڵگە، زۆر بەخێرایی دەگوازرێتەوە بۆ كەسانی دیكە، پیسایی نەخۆشە تووشبووەكە سەرچاوەی سەرەكیی بەكتریای كۆلێرایە.
چۆنیەتی خۆپاراستن لە نەخۆشی كۆلێرا:
وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی، بۆ میدیایەكی نزیك لە یەكێتی رێنمایی هاوڵاتیان دەكات كە پابەندبن بە پاكوخاوێنی و شۆردنی هەردوو دەست بە ئاو و سابوون دوای دەرچوون لە WC، هەروەها شۆردنی دەست پێش نانخواردن و دوای نانخواردنیش، دووركەوتنەوە لە خواردن و خواردنەوەی سەردانەپۆشراوی سەرشۆستەكان و بایەخدانی زیاتر بەسەلامەتی خۆراك، بەتایبەتیش شۆردنەوەی سەوزە و میوە.

نیشانەكانی نەخۆشی كۆلێرا:
 كەسی توشبوو پیساییەكەی لەشێوەی ئاودا دەبێت، رشانەوەو لێدانی دڵ زیاتر دەبێت و پەستانی خوێن دادەبەزێت، كەسی تووشبوو بەهۆی لەدەستدانی شلەمەنی، لەشی وشك دەبێتەوە و بێهێز دەبێت، تینوێتی زۆر و ئازاری ماسولكەكان دوو هێمای سەرەكیی توشبوونن بەو پەتایە.


0 التعليقات: