.

وەزارەتی پەروەردە گۆڕانكاری لەبەشەكانی زانستی و وێژەیی دەكات


                                                                                                                   وەزارەتی‌ پەروەردەی‌ حكومەتی‌ هەرێمی‌ كوردستان لێكۆڵینەوە لە ئەنجامدانی‌ گۆڕانكاری‌ لە بەشی زانستی و وێژەیی قۆناغی‌ ئامادەیی دەكات بۆ ئەوەی‌ بیان كات بە چوار بەش.
وەزارەتی‌ پەروەردەی‌ حكومەتی‌ هەرێم لە 2017/5/31 بە ئیمزای‌ پشتیوان سادق وەزیری‌ پەروەردە نووسراوی‌ ژمارە 133ی‌ ئاراستەی‌ سەرجەم بەڕێوەبەرایەتییەكان كردووە و داوای‌ راوبۆچوونی‌ لێكردوون لەسەر گۆڕانكاری‌ لە بەشی زانستی و وێژەیی قۆناغی‌ ئامادەیی.
لە نووسراوەكەدا هاتووە "وەزارەتی‌ پەروەردە بەردەوام لە هەوڵەتی‌ گۆڕانكاریدایە لە سیستەمی‌ خوێندن بە ئاراستەی‌ بەرەوپێشبردنی‌ كەرتی‌ پەروەردە و فێركردن لە هەرێمی‌ كوردستان كە لەگەڵ‌ ئاستی‌ گۆڕانكار و پێشكەوتن و پێویستی‌ هەنووكەیی بگونجێت".
وەزارەتی‌ پەروەردە دەڵێت: "بەپێویستی‌ دەزانین زیاتر تیشك بخرێتەسەر بنەما پسپۆڕییەكان لە قوتابخانە ئامادەییەكان وەك پسپۆڕی‌ وورد كە لە هەردوو بەشی‌ زانستی‌ و وێژەیی لە خۆدەگرێت".
وەزارەتی‌ پەروەردە نووسیویەتی‌: "بۆچوون هەیە كە بەشی‌ زانستی‌ بكرێت بە دووبەش، یەكەم، بەشی‌ زیندەوەرزانی‌ كە هەردوو بابەتی‌ زیندەوەرزانی‌ و كیمیا وەك بابەتی‌ سەرەكی‌ بخوێندرێن. دووەم، بەشی‌ زانستە پراكتیكییەكان كە هەردوو بابەتی‌ بیركاری‌ و فیزیا وەك بابەتی‌ سەرەكی‌ بخوێندرێن".
ئاماژەشی‌ بەوەداوە كە هەروەها بەشی‌ وێژەیی بەهەمان شێوەی‌ بەشی‌ زانستی‌ بكرێت بە دوو بەش كە بریتین لە بەشی‌ زانستی‌ كۆمەڵایەتییەكان و بەشی‌ زمانەوانی‌.
وەزارەتی‌ پەروەردە راشیگەیاندووە كە هەوڵبدرێت رێژەی‌ سەدا 60ی‌ بەشە وانەكانی‌ هەفتانە تەرخان بكرێت بۆ بابەتە پسپۆڕییەكان.

0 التعليقات: