.

وردەکاری بۆردومانی فڕۆکەکانی تورکیا لە كونه‌ماسی و ژمارەی شەهیدو بریندارەکان


بەهۆی هێرشی فڕۆکە جەنگییەکانی دەوڵەتی تورکیاوە بۆ سەیرانگای کونەماسی، دو کەس شەهیدبون و هەشت کەسی دیکەش برینداربون، کە یەکێک لە بریندارەکان برینەکەی سەختە و هەردو قاچی لەدەستداوە، سەرچاوەیەکیش رایدەگەیەنێت، هێرشەکە لە رێگەی دو موشەکەوە ئەنجامدراوە.

سەرچاوەیەکی تایبەت و ئاگادار لە هێرشەکەی ئێوارەی رۆژی پێنجشەممەی فڕۆکەکانی تورکیا بۆ سەر سەیرانگای کونەماسی سەر بە ناحیەی گاپیلۆن بە خەندان-ی راگەیاند، کاتژمێر 3:00ی پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا بەسەر ئاسمانی شارباژێڕدا سوڕاونەتەوە، لە دەوروبەری کاژمێر 5:00ی ئێوارەدا سەیرانگای کونەماسی-یان لە رێگەی دو موشەکەوە بۆردومانکرد.


ئاماژەی بەوەشکرد، "پێنج گەریلای پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لە قەندیلەوە هاتونەتە ناوچەکەو فڕۆکەی بێفڕۆکەوان چاودێری کردون و سەرەتا هەستیان کردوە کە فڕۆکە چاودێریان دەکات بەهۆی ئەوەی چەند جارێک لێیان نزیکبوەتەوە، دواجار لە نزیک کونەماسی ئۆتۆمبێلەکەیان راگرتوە و چونەتە مارکێتێکەوە، فڕۆکەکەش راستەوخۆ دوکانی مارکێتەکەی بۆردومان کردوە".

لەبارەی زیانە گیانیەکانەوە، ئەو سەرچاوەیە وتی، "دو گەریلای پەکەکە شەهیدبون و سێ گەریلای دیکەش برینداربون، هاوکات خاوەنی مارکێتەکە خۆی و ژنەکەی و دو منداڵی بریندارن تەنانەت ژنەکەی هەردو قاچی لەدەستداوە، گەشتیارێکیش بەهەمان شێوە برینداربوە"، هاوکات كامه‌ران عه‌بدوڵا، به‌ڕێوه‌به‌ری ناحیه‌ی گاپیلۆن ئاماری قوربانییەکانی بۆ خەندان پشتڕاستکردەوە.

كامه‌ران عه‌بدوڵا، به‌ڕێوه‌به‌ری ناحیه‌ی گاپیلۆن به‌ خه‌ندان-ی راگه‌یاند، "هێرشەکەی ئێوارەی رۆژی پێنجشەممەی فڕۆکەکانی تورکیا مایەی نیگەرانی ئێمەو هاوڵاتیانی ناوچەکەیە، کە بەهۆیەوە دو شەهید و هەشت برینداری لێکەوتەوە".

هێرشەکەی فڕۆکەکانی تورکیا لەکاتێکدایە تا ئێستا حکومەتی هەرێمی کوردستان هیچ راگەیەندراوێکی لەوبارەیەوە بڵاونەکردوەتەوە، بەڵام ته‌حسین خه‌فاجی، وته‌بێژی فه‌رمانده‌ی ئۆپراسیۆنه‌ هاوبه‌شه‌كانی عێراق رایگه‌یاند، ئێواره‌ی ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌، له‌لایه‌ن فڕۆكه‌یه‌كی نه‌ناسراوه‌وه‌ ئۆتۆمبێلێك له‌ سنوری ناحیه‌ی گاپیلۆنی سه‌ر به قه‌زای ماوه‌تی پارێزگای سلێمانی كراوه‌ته‌ ئامانج و قوربانی لێكه‌وتوه‌ته‌وه‌.

0 التعليقات: