بێ کێشەترین سەرۆکەکانی جیهان
سوڵتان قابوس کوڕی تەیموری کوڕی فەیسەڵ کوڕی ترکی کوڕی سەعیدی کوڕی سوڵتان ئەحمەد ، هەشتەمین سوڵتانی ئالی سەعیدی سەڵتەنەی عوممانەو ساڵی 1940 لەدایکبووەو، دەرچووی ئەکادیمیای"ساندهێرست"ی، شاهانەی سەربازییە.
رێکەوتی 23 ی یۆلیۆی ساڵی 1970 و لەتەمەنی 30 ساڵیدا کودەتای بەسەر باوکی خۆیداکردو جڵەوی دەسەڵاتی لێسەند لەوکاتەی باوکی بەگەشتێک چووە بەریتانیاو دوای ئەوەی زانیی کە کوڕەکەی جڵەوی دەسەڵاتی گرتە دەست نەگەڕایەوە وڵاتەکەی و ساڵی 1972 لە بەریتانیا کۆچی دوایی کرد! سوڵتان قابوس ماوەی 47 ساڵە تائێستایشی لەگەڵدابێ پاشای سەڵتەنەی عوممانەو بەدرێژترین ماوەی حوکمڕانی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەژماردەکرێ.
ساڵی 1976 ژیانی یەکەم هاوسەرگیریی پێکهێناو ساڵی 1979 ژیانی دووەمی هاوسەرگیریی پێکهێناوە.
ئەو هەتا بڵێی کەسێکی بێدەنگەو دوورە لەچاوی میدیاکان و زۆر حەز بەخۆدەرخستن ناکات!بگرە دەخالەت لەهیچ کێشەیەکی وڵاتان ناکات و، تەنانەت خۆی لەبابەت و کێشەی ئیسرائیل و ئێرانیش نادات و تەنها بینەرو بیسەری ڕووداوەکانە!.
لەماوەی 47 ساڵەی حوکمڕانی خۆیدا هەتا ئێستای لەگەڵدابێ وڵاتەکەی دووچاری شەڕو کێشەو ململانێ نەکردووەتەوە تەنانەت ئیدانەی هیچ رووداوو پێشهاتێک ناکات.
ئەو بە پاشای بەخشندە ناسراوەو، هەرچی لەسودو قازانجی هاونیشتمانیانی دابێ ئەنجامی دەدات لەمووچە بگرە تاوەکو دەگاتە سەرمایەی وڵات!.
لەوڵاتەکەیدا کەس باس لەسوننە مەزهەب و شیعە مەزهەب ناکات و بەیەک چاو سەیری هاووڵاتیان دەکات و جیاوازی لەنێوانیاندا ناکات!.
جگە لەوەی سوڵتانی عوممانە، ئەم پۆستانەش بەڕێوەدەبات:
- سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران.
- سەرۆکی گشتی هێزە چەکدارەکان.
- وەزیری بەرگری.
- وەزیری دارایی.
- وەزیری کاروباری دەرەوە.
- وەزیری پلاندانان.
- سەرۆکی بانکی ناوەندی.
هیچ شوێنێکی ئەو وڵاتە بەدەر نییە لەناوی سوڵتان وەکو"نەخۆشخانەی سوڵتان قابوس، مزگەوتی گەورەی سوڵتان قابوس، زانکۆی سوڵتان قابوس، شەقامی سوڵتان قابوس و هتد........" هەروەها سەروەت و سامانەکەیشی بریتییە لە شەش ملیار دۆلار.. ئەمە جگە لەوەی خاوەنی پێنج یەختی دەریاییە کەدروستکراوی وڵاتی ئیتاڵیان و گرانترینیان نرخەکەی بریتییە لە 300 ملیۆن دۆلار.
تائێستا لەگەڵدابێ ناوبراو جێنشینی نییە هەرچەندە دەنگۆی ئەوە لەئارادایە سەعیدی 62ساڵەی برای دوای مردنی شوێنەکەی پڕبکاتەوە، چونکە ئاژانسەکان ئاماژە بەوە دەکەن سوڵتان قابوس ماوەی سێ ساڵە دووچاری شێرپەنجەی قۆڵۆن بووەو بۆ چارەسەری چەندین جار سەردانی وڵاتی ئەڵمانیای کردووە.
وەرگێڕانی: سوهەیب جەمیل عەلی
facebook.com/suhaib.jamel

0 التعليقات: