وەزارەتی تەندروستی: مەترسی سەرهەڵدانی کۆلێرا هەیە لە کوردستان
وەزارەتی تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێ کۆلێرا لە چەند ناوچەیەکی عێراق سەریهەڵداوە و دۆخی موسڵ ناهەموارە، بۆیە مەترسی سەرهەڵدانی نەخۆشییەکە لە کوردستانیش هەیە.
لە راگەیێندراوێکدا، کە کۆپییەکی ئاراستەی (رووداو) کراوە، وەزارەتی تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێ ئامادەباشی کراوە بۆ رێگری لە نەخۆشییەکە و هاوئاهەنگی لەگەڵ وەزارەتە پەیوەندیدارەکان کراوە، بەڵام هاونیشتیمانییانیش دەبێ پابەندی رێنماییە زانستییەکان بن تاکو دووربن لە نەخۆشی کۆلێرا.
دەقی راگەیێندراوەکە..
روونکردنەوەیەک له وەزارەتی تەندروستی
هاووڵاتییانی خۆشەویست ...
بەهۆی تۆمارکردنی چەند حاڵەتێکی نەخۆشی کۆلێرا لە خوارووی عێراق و زۆر خراپبوونی بارودۆخی تەندروستی لە پارێزگای موسڵ و بەردەوام هاتنی ژمارەیەکی زۆری ئاوارە، مەترسی سەرهەڵدانی نەخۆشی کۆلێرا هەیە لەهەرێمەکەمان .
وێڕای گرتنەبەری رێوشوێنە پێشگیرییە پێویستەکان و ئامادەباشی لە دەزگا تەندروستی و نەخۆشخانە و بنکە تەندروستییەکان بۆ دڵنیابوون لە پاکڕاگرتنی هەرێم لەم پەتایە و پێشگیری و خێرا کۆنتڕۆڵکردنی لە کاتی سەرهەڵدانی، هەروها هەماهەنگی کردن لەکەڵ وەزارەتە پەیوەندارەکانی تر بۆ رێگری لە سەرهەڵدانی نەخۆشییەکە، داواکارین لەهاووڵاتییانی خۆشەویست، پابەندی رێنماییە تەندرووستییەکان بن بۆ پاراستنی تەندروستی خۆیان و کەسوکار و هاونیشتمانییان :-
۱. بایەخدان بە پاکوخاوێنی کەسیی، وەک دەست شووشتن بە ئاو و سابوون پێش ئامادەکردنی خواردن، پێش نان خواردن و دوای دەرچوون لە ئاودەست .
۲. دڵنیابە لە پاکی ئەو ئاوەی بەکاری دەهێنیت، ئەگەر نا بۆ خواردن و خواردنەوە بەکاری مەهێنە
۳. ئاگاداری پاکژی خواردن و خواردنەوەکەت بە .
۳. دڵنیابە لە جوان شووشتنەوەی سەوزە و میووە، پێش خواردنیان
٤.دوور کەوە لە خواردن و خواردنەوەکانی سەر شوستە و عەرەبانەکان
٥.ئەو سەوزانەی بەئاوی زێراب ئاودراوون، بەسەرپێچیکردنی رێنماییەکان، ئەوانەسەرچاوەی نەخۆشییەکەن، بەکاریان مەهێنە
٦. ئەو خواردنەوە و شیرینییانەی لە ماڵان دروست دەکرێن و دەفرۆشرێن، پاکژ نین و بەکاریان مەهێنە .
تیمەکانی چاودێری تەندروستی لە سەرجەم شار وشارۆچکەکان راسپێردراوون بۆ چاودێریکردنی وردی شوێنە گشتییەکان و نەهێشتنی سەرپێچییەکان، چاودێری بەردەوامی سەرچاوەکانی ئاو و زیادکردنی رێوشوێنەکانی خۆپارێزی و چاودێری تەندروستی لە کامپی ئاوارەکان لە هەرێم
راگەیاندنی وەزارەتی تەندروستی
۲۰۱۷/٦/٥

0 التعليقات: